شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: تۆبە بێ! لەبارەی شیعر: جەمیان، ١٣٣٠ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٠ و ١١ ی چاپی ئەنیسی و ٢٣٣ ی چاپی جەعفەر ) من سەگێکی ڕووت وقووتی ڕانەکەی تۆم، تۆبە بێ! پەت لە مل، ئامادەباشی شوانەکەی تۆم، تۆبە بێ! تۆ تەبیبی حازیقی دەرد و بەڵای، من دەردەدار دڵ‌نەخۆش و چاوەڕێی دەرمانەکەی تۆم، تۆبه بێ! برسیی و بێ‌واز و بێ‌هێزم، له دەرکت کەوتووم [١] چاوەڕێی لوقمێکی چەور و نانەکەی تۆم، تۆبه بێ! گەر بڵێم لەو نەسله پاکەم، خۆ درۆ ناکەم، بەڵام ڕووی دەوێ لەو نەسله بم، گاوانەکەی تۆم، تۆبه بێ! نیسبەتی خاشاک لەگەڵ گوڵزاری باغی جەننەتت [٢] چۆن بکەم من؟ خاکی دەرک‌وبانەکەی تۆم، تۆبه بێ! تۆ شەهەنشاهی جیهانیی و ئەمیری ئینس و جان [٣] من فەقیرم خۆ، گەدای دەربانەکەی تۆم، تۆبه بێ! هەسته 'کامیل' ڕوو ده دەرکی سەییدی سەروەر بکە! هەر بڵێ قوربان! سەگی ئاسانەکەی تۆم، تۆبه بێ! ١. چاپی ئەنیسی: برسی یو ٢. چاپی ئەنیسی: جەننەتێ ٣. چاپی ئەنیسی: جیهانی یو